پۆست کوردستان لەڕوانگەیەکى جیاواز ئەوەى کەس نایڵێت ئێمە دەیڵێین لینکى پەیجى پۆست کوردستان لە فەیس بوک

Arrow up
Arrow down

 نامه‌یه‌كی نه‌ته‌وه‌یی بۆ ناو فایلی شاراوه‌ی حزبه‌كان  

سووره‌ مه‌رگه‌یی ؛

ئه‌وه‌نده‌ی دوژمنان و داگیركارانی كوردستان له‌سه‌ر چه‌وساندنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یی و كوردكوژی رێك و ته‌بان، ئه‌گه‌ر حزب و لایه‌نه‌ سیاسیه‌كانی كورد بۆ به‌رگری له‌ ماف و ئازادیه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كان و وه‌ڵامدانه‌وه‌ی سیاسه‌تی داگیركاری له‌ناو خۆیاندا ئه‌وه‌نده‌ رێك و ته‌با بوونایه‌، كورد نه‌ك هه‌ر تووشی ئه‌و هه‌موو كاره‌سات و كۆمه‌ڵكوژی و جینۆسایده‌ نه‌ده‌بوو، به‌ڵكو ئێستا به‌ ئازادی ده‌ژیا و وه‌ك هه‌موو گه‌لانی تر دوور له‌ مه‌ترسی كۆمه‌ڵكوژی و له‌ناوچوون خاوه‌نی ده‌وڵه‌تی خۆی ده‌بوو.

ئێستا له‌ ناوچه‌كه‌ قۆناغێكی تایبه‌ت هاتۆته‌ پێشێ و وا پێشبینی ده‌كرێ گۆڕانكاری گه‌وره‌ رووبده‌ن، ئه‌وه‌ش ده‌رفه‌تێكی مێژووییه‌و ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ش له‌ كورد ده‌خوازێ كۆده‌نگی و یه‌كهه‌ڵوێستی نه‌ته‌وه‌یی بكاته‌ دوا بژارده‌ی خه‌بات و تێكۆشانی، كه‌چی پێچه‌وانه‌ی ئه‌و راستییه‌ له‌ كردار و ره‌فتاری حزب و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی كورددا ئه‌و كۆده‌نگی و یه‌كهه‌ڵوێستییه‌ نابینری كه‌ وه‌ڵامی شایسته‌ی پرسیاره‌كانی ئه‌و قۆناغه‌ تایبه‌ته‌ی پێبدرێته‌وه‌.

ئه‌وه‌ی تێبینی ده‌كرێ حزب و لایه‌نه‌سیاسییه‌كان له‌ وتاری ناو میدیاكان و موزایه‌ده‌ی خۆده‌رخستندا جه‌ختی زۆر له‌سه‌ر رێكی و ته‌بایی ناوماڵی كورد ده‌كه‌نه‌وه‌، به‌ڵام هه‌ڵوێست و كرداریان رێك پێچه‌وانه‌ی وتار و خۆده‌رخستنیانه‌، له‌سه‌ر ئه‌و خاڵانه‌ی كه‌ پێویسته‌ هه‌موویان كۆك و ته‌بابن، ناكۆك و ناته‌بان، وه‌ك كۆده‌نگی نه‌ته‌وه‌یی و هه‌ڵوێست وه‌رگرتن به‌رامبه‌ر دوژمنان، ته‌نها له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ته‌بان كه‌ ته‌با نه‌بن، له‌ مه‌رگ و چه‌وسانه‌وه‌دا هاوبه‌شین، كه‌چی له‌ كاری پێكه‌وه‌یی و خه‌باتی هاوبه‌شدا به‌ش به‌شین، ئه‌وه‌نده‌ له‌گه‌ڵ ناته‌بایی راهاتووین له‌كاتی چوون به‌ره‌و مه‌رگ و په‌تی سێداره‌ش یه‌كهه‌ڵوێست نین و به‌گژ خواست و ئاره‌زووه‌كانی یه‌كتریدا ده‌چینه‌وه‌، ته‌نانه‌ت ناته‌باییمان گه‌یشتۆته‌ ئه‌و ئاسته‌ی كه‌ ده‌ڵێن: دوو گه‌نجی كورد له‌ دوو حزبی جیاواز و به‌ تاوانی یه‌ك ئامانجی هاوبه‌ش سزای له‌ سێداره‌دانیان به‌سه‌ردا ده‌سه‌پێنرێ، به‌رله‌وه‌ی له‌ سێداره‌ بدرێن لێپرسراوانی مه‌رگخانه‌ لێیان ده‌پرسێ: ئێوه‌ هه‌ردووكتان له‌ سێداره‌ ده‌درێن و دوا داواكاریتان چییه‌: یه‌كیان ده‌ڵێ: دوا داواكاریم ئه‌وه‌یه‌ به‌رله‌وه‌ی له‌ سێداره‌ بدرێم دایكم ببینم، ئه‌ویتریان ده‌ڵێ: دوا داواكاری من ئه‌وه‌یه‌ ئه‌و براده‌ره‌ دایكی نه‌بینێ، ئه‌وه‌ له‌ كاتێكدا بووه‌ كه‌ هه‌ردووكیان له‌سه‌ر یه‌ك پرس سزا دراون و بۆ یه‌ك ئامانج تێكۆشاون و له‌ چاوه‌ڕوانی یه‌ك په‌تی سێداره‌شدا بوون!

ئه‌گه‌ر له‌ میدیاكان گوێ له‌ لێدوانی به‌رپرسان ده‌گرم، به‌وه‌ خۆشحاڵ ده‌بم كه‌ هه‌موویان ده‌ڵێن: ئێمه‌ گه‌لێكین له‌ یه‌ك گێژاودا، كه‌چی كه‌ باس دێته‌ سه‌ر ده‌ربازبوون له‌ گێژاوه‌كه‌، له‌باتی ئه‌وه‌ی هه‌موویان به‌یه‌كه‌وه‌ باڵی نه‌ته‌وه‌یی راوه‌شێنن، هه‌ر یه‌كه‌و له‌به‌ر خۆیه‌وه‌ باڵی حزبی راده‌وشێنێ.

سه‌ركرده‌كان! له‌من مه‌پرسن، بڕۆن له‌ مێژوو بپرسن و به‌ راشكاوی پێتان ده‌ڵێ: دوژمنان به‌ر له‌وه‌ی رقیان له‌ حزبی بوون بێ، رقیان له‌ كورد بوونه‌، به‌ر له‌وه‌ی حزبی بوون به‌ هه‌ڵه‌ی سیاسی بزانن، كورد بوون به‌ تاوان ده‌زانن، بۆیه‌ كرۆكی نامه‌كه‌م له‌وه‌دا چڕ ده‌كه‌مه‌وه‌ و ده‌ڵێم: ئێوه‌ش رق و كینه‌ی حزبی به‌لاوه‌ بنێن، كوردانه‌ بیر بكه‌نه‌وه‌ و هه‌ڵگری ئه‌و په‌یامه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌ بن كه‌ سه‌رۆك بارزانی كوردی پێ بردۆته‌ ناو هاوكێشه‌ و بڕیاره‌ سیاسیه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كان، نه‌بیستی و لاساری حزبی به‌سه‌، به‌ر له‌وه‌ی حزبی بن كورد بن، به‌ر له‌وه‌ی حزبتان خۆش بوێ كوردتان خۆش بوێ.

وتار


Go to top